خێزان له‌ مانگی ڕه‌مه‌زان

نوسینی: سیروان ئه‌شقه‌ڕ

بۆ خوێندنه‌وه‌ و داگرتن

بسم الله الرحمن الرحیم

الحمدلله والصلاە والسلام علی رسول الله وعلی اله وصحبه وسلم, أما بعد:

 ئاشكرایە لای هەموومان كە (السلف الصالح) پێشینە چاكەكانمان گرنگییەكی زۆریان بە مانگی ڕەمەزان دەدا و داوایان لە خوای گەورە دەكرد بیانگەیەنێتە ئەو مانگە پیرۆزەو وە پاشان لێیان قبول بكات, لە پێشین (سلف) هاتووە شەش مانگ پێش رەمەزان داوایان دەكرد خوای گەورە بیانگەیەنێتە ڕەمەزان وە شەش مانگەكەی تریش داوایان دەكرد لێیان قبوڵ بكات ؛ چونكە ئەوان زۆر باش دەیانزانی پلەو پایەی رەمەزان چیەو كاتەكەی چەند گرنگە.

لەبەر ئەوە زۆر پەرۆش بوون پاداشتەكەی وەرگرن و بەخۆیان و بە ئەندامانی خێزانەوە خۆیان ئامادە دەكرد بە (تقوی) لە خواترسان و ئیمان و كردەوە, نەك بە رازاندنەوە و شێوەی جل و بەرگ و ئاهەنگی ئایینی و خواردنی خۆش و خواردنەوەی نایاب, گەر بزانین هەموو كەس پێش وەخت خۆی ئامادە دەكات بۆ رەمەزان.. .. .. . تەنانەت (تاجر) بازرگان و دوكاندارەكان بەهێنانی شتومەكی زۆر، هونەرمەندەكانیش بە پیشكەش كردنی ئەڵقەی هونەری ( المسلسلات التلفزیونیة) كە خەڵكانێكی زۆر (مشغول) سەرقاڵ دەكەن لە شەوانی رەمەزان ...

ئەی مرۆڤ و گەنجی موسلمان و بانگەوازكار (داعي وطلاب العلم) ئەوان لە پێشتر نین كە خۆیان ئامادە بكەن بۆ ئەم مانگە، بەبڵاو كردنەوەی نامیلكە و سی دی و كتێبی ئایینی ؟

بۆیە وەكو پێشینانمان بە پێویستم زانی خۆم و خوشك و برا موسڵمانەكانم ئاگادار بكەمەوە كە چی بكەین لە پێش هاتنی ئەم مانگە و چۆن خۆمان بۆ ئامادە بكەین ، بەڵام پێش ئەوەی باس لە ڕێنماییەكان بكەم هەندێك لە گەورەیی و فچل و تایبەتمەندیەكانی مانگی رەمەزان بە كورتی باس بكەم:

فەزڵ و گەورەیی و تایبەتمەندییەكانی مانگی ڕەمەزان:

1-  قورئانی پیرۆزی تێدا هاتۆتە خوارەوە.

2-  شەوی قەدری تێدایە كە خوا پەرستی تێیدا چاكترە لە هەزار مانگ.

3-  بەرۆژوو بوون تێیدا دەبێتە هۆی لێخۆشبوونی تاوانەكان.

4-  دەرگاكانی بەهەشتی تێدا دەكرێتەوەو دەرگاكانی دۆزەخیش دادەخرێن.

5-  فریشتەكان داوای لێخۆش بوون بۆ بەرۆژوەوان دەكەن تا كاتی رۆژوو شكاندن (فتار كردن).

6-  شەیتانەكان تێیدا كۆت و زنجیر دەكرێن.

7-  نزاو پارانەوە (دوعا) تێیدا قەبوڵە.

8-  هەموو شەوێك لە رەمەزان خوای پەروەردگار ئازاد كراوی هەیە لە ئاگری دۆزەخ.

9-  چاكە تێیدا ئاسان دەبێت و خراپەش تێیدا گران واتە قورس دەبێت.

كەوابێ مانگێكی ئاوەها بەرزو پیرۆز  و بە بەرەكەت چۆن پێشوازی لێبكەین ... ؟؟؟

بە خواردن و خواردنەوە و مانەوە تا درەنگی شەو لە بەرامبەر فیلم و گۆرانی و ئەلقەی بەناو دینی –ئایینی- ؟؟

وە یان بە بێزاری و لەش گرانی و ترسان لەو عبادەتە (نعوذ بالله) ؟

نا, نەخێر ... بەڵكو مرۆڤی موسلمان (خۆیی و خێزانەكەی) ئەم مانگە پیرۆزە بە { (توبة) و(استغفار) و (عزیمەت) هیممەت و خۆشحاڵی ..}, پێشوازی دەكات، چونكە دەزانی كات گرنگە و دووبارە نابێتەوە، بۆیە دەبێ نەفسی خۆی پاك بكاتەوە و عیبادەتێكی زۆر بكات لەم مانگەدا تاكو زەخیرەیەكی باش كۆ بكاتەوە و گوناهەكانیشی كەم بكاتەوە ... بە یارمەتی خوا.

ڕێنمایی پەروەردەیی بۆ خێزان لە ڕەمەزاندا:

ئەمەش هەندێ لە ڕێنمایی پەروەردەیی بۆ هاندانی خێزانی موسلمانان بۆ ئەوەی ئەم مانگە پیرۆزە وەك ( السلف الصالح) پێشینە چاكەكانمان ببەینە سەر :

1-  پێویستە لە سەر دایك و باوك منداڵەكانیان فێری حەقیقەتی رەمەزان و رۆژوو گرتن بكەن پێش ئەوەی مانگی رەمەزان بێت بە چەند رۆژێك (لە كۆتای مانگی شەعبان) چ باوك یان دایك دەتوانێت لە رێگای وانە ووتنەوە بە منداڵەكانی ئەم شتانەیان پێ بڵێت بەم شێوەیە:

-    مانگی رەمەزان چییە ؟

-    رۆژوو گرتن چییە ؟

-    جۆرەكانی رۆژوو گرتن (واجب - سوننەت) ؟

-    پارشێو كردن (سحور) چییە ؟

-    نوێژی تەراویح و  شەو نوێژ (قیام اللیل) چییە ؟

2-  پەروەردە كردن و ڕاهێنانی منداڵی بچووك لەسەر ڕۆژی گرتن و هاندانیان بە پێشكەش كردنی دیاری پاش رۆژوو شكاندن (فتار) ؛ چونكە (سلف) لە صەحابە و تابعی -خوای گەورە لێیان رازی بێت- منداڵەكانیان وا فێر دەكرد ، وەكو لە بوخاری و مسلم هاتووە لە (الربیع بنت معوذ):

(....., بەرۆژوو دەبوین و منداڵەكانیشمان هاندەدا, وە لە گەڵ خۆیشمان ئەمان بردنە مزگەوت وە ئەگەر لە برسانا بگریایە یاریەكی لە (صوف) مان پێدەدا تاكو دەگەیشتینە كاتی فتار كردن).

ئیمامی (نووی) دەفەرموێ: ((لەم فەرموودەیەدا بۆمان دەر دەكەوێ: كە منداڵەكانمان هانبدەین بۆ عیبادات تاوەكو كە گەورە بوون لایان ئاسان بێت ، ئەگەر چی منداڵ (مكلف) نیە بە عیبادات))[1].

  • تێبینی :

دەبێ دایك و باوكان منداڵەكانیان فێری ئەوە بكەن: كە ئەگەر بەرۆژووش نەبوون و نەیانتوانی .. نەكەن لە بەر چاوی خەڵك خواردن و خواردنەوە بخۆن تاكو گەورەیی و بەرێزی ئەو مانگە هەر لە منداڵیەوە بزانن، وەهەروەها ئەوانەی بەرۆژووش نابن لە گەورەكان بە هەر (عوزرێك) وەكو نەخۆشی و سەفەرو ...هتد، واچاكترە لەبەر چاوی خەڵك شت نەخۆن (والله أعلم).

3-  هاندانی تاكەكانی خێزان كە نوێژەكانیان لە كاتی خۆیدا بكەن و لە مزگەوتدا بە كۆمەڵا بیكەن (كورەكان)، وە تراویحیش بە كۆمەڵا بكەن (جماعەت)، وە ئافرەتانیش با لە ماڵەوە بیكەن, وە زۆر گرنگە كە منداڵا (واجبات)ی لە رەمەزان بەجێ گەیاند لەلایەن باوكییەوە دیاریەكی پێشكەش بكرێت، وەكو چۆن لە زانایان هاتووە، وە ئەمەش هۆكارێكی گرنگە بۆ خۆشەویست كردنی ئەم ئایینە پیرۆزە و خۆشەویست كردنی عیباداتەكان لە (نوێژو ڕۆژوو و قورئان خوێندن...هتد), ئەگەر بێت و لە منداڵیەوە هانبدرێن وەكو چۆن پێشینە چاكەكانمان (السلف الصالح) وایان كردووە و گرنگیشیان پێداوە ( بەڵام بە داخەوە ئیستا لە مزگەوتەكان گەر منداڵ برۆنە مزگەوت هەندێ خەڵك هەیە پێان سەیرە، هەشیانە پێی ناخۆشە و چاوی سور دەكاتەوە لێیان .. ئەگەر دەریشیان نەكەن لە مزگەت بە بیانووی پیس كردنی مزگەوت زۆر باشە..).

4-  هاندانی خێزانەكەت كە قورئان زۆر بخوێنن و دووبارەی بكەنەوە، وە هەروەها هەتا بكرێ (أذكار)ەكان هەر لەسەر دەمیان بێ، وەئەگەر بكرێ (دورات تحفیظ القرآن) بكرێتەوە چ لە مزگەوت چ لە ماڵەوە زۆر شتێكی باشە، وە لە (سلف) پێشین دەگێرنەوە كەوا زۆربەی كاتی رەمەزانیان بە (قرآن) خوێندن دەبردە سەر، وەخۆیان خەریك نە دەكرد بە شتی تر.

5-  فێركردن و بەبیرهێناوەیان لە زۆر لەو قسەو كردەوانەی كە پاداشتی رۆژووەكەیان لێ كەم دەكاتەوە، كەچی زۆرانێك لە خەڵكان لێی بێ ئاگان وەكو: غەیبەت و بوهتان و جوێندان و قسەی پروپووچ و بێ مانا...هتد ؛ چونكە رۆژوو گرتن تەنها دەم گرتن نییە لە خواردن و خواردنەوە و تەواو, بەڵكو دەبێ دەست و زوبان و چاوو... ئەوانەش بپارێزێ, وەكو پێغەمبەری خۆشەویستمان صلی الله علیه وسلم دەفەرموێ:

(قَالَ اللَّهُ عَزَّ وَجَلَّ: كُلُّ عَمَلِ ابْنِ آدَمَ لَهُ إِلاَّ الصِّيَامَ، فَإِنَّهُ لِي وَأَنَا أَجْزِي بِهِ، وَالصِّيَامُ جُنَّةٌ، فَإِذَا كَانَ يَوْمُ صَوْمِ أَحَدِكُمْ، فَلاَ يَرْفُثْ يَوْمَئِذٍ وَلاَ يَسْخَبْ، فَإِنْ سَابَّهُ أَحَدٌ، أَوْ قَاتَلَهُ، فَلْيَقُلْ: إِنِّي امْرُؤٌ صَائِمٌ)[2].

6-  لەسەر دایك و باوكانە كە وانەی (قرآن – توحید – تفسیر - حدیث ..) بە منداڵەكانیان بڵێن لە شەوانی رەمەزان، تاوەكو منداڵەكان دووربكەونەوە لە تەلەفزیۆن و شتی بێ سوود (بەراستی نەك بۆ خێزان بەڵكو بۆ مامۆستایان ئەو برایانەی كە دەرس و دەعوەیان هەیە زۆر گرنگە ئەم مانگە پیرۆزە هەل بقۆزنەوە بۆ بانگوازو فەرمان بە چاكەو نەهی لە خراپە؛ چونكە لەم مانگە خەڵك زیاتر ئامادەیە گوێت لێ بگرێ و وەزیاتریش نامیلكە و كتێب و دەخوێننەوە گوێ لە  (CD)ـی و كاسێتی ئایینی ڕادەگرن).

7-  دەبێ ئاگادار بین زۆر داوای خواردنی خۆش و هەمەجۆر نەكەین لە دایكانمان بە شێوەیەك ببێتە هۆی ماندووبوونی، وە واباشترە ئافرەتان بە گشتی لە كاتی ئیش كردن ڕەچاوی دوو شت بكەن:

أ‌-   كارەكانیان بە عیبادەت تێ بگەن و نیەتەكانیان پاك بێت (خالص) كە خزمەتی ماڵ و منداڵەكانیان دەكەن: ( لأن النیة تغیر العادة عبادة ).

ب‌- وا باشە لە شوێنی چێشت لێنان (مطبخ) ئامێرێكی مسجل هەبێ بۆخۆی گوێ لە قورئان و ووتاری ئایینی بگرێ، چونكە زۆربەی كاتی ئافرەتان لە مطبخ دەبەنە سەر بە تایبەت لە مانگی رەمەزان.

8-  هاندانی ماڵ و منداڵانمان لەم مانگە پیرۆزەدا بۆ ئەوەی خێرو خێرات زۆر بكەن بۆ هەژاران و دراوسێكانمان و خزمانمان؛ چونكە بە راستی مانگی ڕەمەزان و ڕۆژوو گرتن خوودی خۆی قوتابخانەیەكە فێری یارمەتیدان و ئارام گرتن لەسەر برسێتیمان دەكات كە مرۆڤ برسی دەبێ ئەو كاتە خۆی قەدری هەژاری و نەبوونی دەزانێ، وە دەزانێ كە خوای گەورە چ نیعمەتێكی پێداوە و دەزانی حاڵی برا موسلمانەكانمان لە (ئەفریقیا و ئاسیا) چۆنە وە چەند پێویستیان بە یارمەتی هەیە ( ئەوەی شارەزا بێ دەزانێ چەندەها موسڵمانی ئەفریقیا لەبەر برسێتی چوونە سەر دینی گاورەكان لە ژێر پەردەی خۆراك و یارمەتیدانی هەژاران (تبشیریان) بڵاو دەكردەوە و ئامانجەكانی خۆیان دەهێنایە دی).

9-  پێویستە لە سەر دایك و باوك خۆیان بە باشی ئامادە بكەن بۆ زیندوو كردنەوەی دە شەوەكەی كۆتایی مانگی رەمەزان تایبەت شەوە تاكەكان، تایبەتتریش شەوی (27), نەك هەر خۆیان بەڵكو دەبێ منداڵەكانیشیان هانبدەن بۆ زیندوو كردنەوەی ئەم شەوە پیرۆزە، وە نەكا مرۆڤی موسڵمان خاو ببێتەوە و تووشی تەمبەڵی ببێ.

یا بڵێ منداڵەكانم بچووكن .. یان ناتوانن .. یان برسیان دەبێ...هتد, ئەی بۆچی كاتی منداڵەكانمان دەنێرینە قوتابخانە لە چلەی زستان بەو بەفرو بارانەو بەو بەیانییە ساردە منداڵەكانمان دەنێرینە قوتابخانە یان كار كردن بۆ دونیاو پارەو پول...!!, بەزەییمان پێیان نایەت، بەڵام بۆ نوێژ كردن و ڕۆژوو گرتن ئەو كاتە بەزەییمان دەجولێتەوە .. بەداخەوە.. پێویستە لە هەموومان چۆنیەتی پەروەردە كردنی منداڵان لە لایەن پێشینە چاكەكان (السلف الصالح) بخوێنینەوە، تاوەكو كەمێك یان مشتێك لە ڕەوشتە جوانەكانیان فێری منداڵانمان بكەین.

وە یان خۆی خەریك بكات بە كڕینی شت و مەكی جەژن,و هەموو كاتەكانی بە چوونە بازاڕ  بباتە سەر، وە بە بەردەوامی ئەم فەرموودە پیرۆزەیان بێتەوە یاد, (مَنْ قَامَ لَيْلَةَ الْقَدْرِ إِيمَانًا وَاحْتِسَابًا ، غُفِرَ لَهُ مَا تَقَدَّمَ مِنْ ذَنْبِهِ  )[3].

وەپێغەمبەری خۆشەویستمان صلی الله علیه وسلم زۆر گرنگی بەشەوی قدر دەداو خێزانەكانیشی هەڵدەستاندەوەو وە فەرمانیشی بە یاوەرانی دەكرد گرنگی پێبدەن تاكو پاداشتەكەیان لە دەست نەچێ.

  • لە كۆتاییدا:

 با هەموومان نرخ و گرنگی ئەم مانگە پیرۆزە بزانین؛ چونكە ڕەمەزان باشترین دەرفەتە (فرصە) یە كە لە دەست خۆمانی نەدەین بەڵكو گوناهەكانمان ڕەش دەبێتەوە و چاكەكانمانی زیاد دەكەین و دەروونمان خاوێن بكەینەوە ... نەوەكو ڕەمەزانێكی تر پێی نەگەینەوە و كۆچ بكەین ..

 

هذا وصلى الله على نبينا محمـد وعلى آله وصحبه أجمعين.

سیروان ئەشقەڕ

1434هـ / 2013ز

[1]  (شرح صحيح مسلم (8/14). [2]  رواه البخاري 1908, ومسلم 2676, واللفظ له. [3]  رواه البخاري 2014, ومسلم 1731, واللفظ له.